وەرزی پایز بەوە ناسراوە کە زۆرترین کەس تیایدا توشی ئەنفلۆنزای وەرزی دەبن،یاخود بەهۆی گۆڕانگاری بەردەوامی کەش و هەواوە لەو وەرزەدا توش دەبن.
رێگرتن لە توشبون بە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کارێکی هێندە گران نییە و دەتوانیت بە چەند هەنگاوێکی زۆر ئاسانی رۆژانە ئەگەری توشبونت بەو نەخۆشییە کەم بکەیتەوە.
پزیشکەکان جەخت لەسەر ئەم چەند هەنگاوەی خوارەوە دەکەنەوە:
1-بەردەوام دەستەکانت بشۆ لە دوای تەوقە کردن لەگەڵ دۆست وهاوڕێکانتدا، پزیشکەکان داوا دەکەن کە کاتێکی زۆر تەرخان بکەین بۆشتنی دەستەکانمان و زۆرترین ئاو وسابونی بەکاربێنین بۆ ماوەی 20 چرکە، چونکە دەبێتە هۆی لێکردنەوەی زۆربەی میکرۆبە زیان بەخشەکان.

2-دەست مەدە لە روخسارت، هەوڵبدە بەهیچ جۆرێک دەست بۆ جاوەکانت و لوتت نەبەیت، چونکە بەشێکی زۆری میکرۆبە زیانبەخشەکان لە رێگەی دەموچاوەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوەوەی لەش.

3-خەوی پێویست، پێویستە لە وەرزی سەرمادا بە باشی و بۆ ماوەی (8-10) کاتژمێر بخەویت، چونکە لە کاتی ماندوبوندا،سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەبێت و ناتوانێت بەباشی بەرگری بکات لە میکرۆب و ماددە زیان بەخشەکان.

4-واز لە جگەرەکێشان بهێنە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی 2004 دا بڵاوکراوەتەوە،کێشانی جگەرە هۆکارێکە بۆ لاوازکردنی سیستەمی بەرگری لەش، چونکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری پێکهاتەیی زیان بەخش لەرێڕەوی هەناسەداندا کارێک دەکات بۆریەکانی هەناسەدان نەتوانن بەباشی کاری خۆیان بدەن لە پاڵاوتنی هەواو رێگری کردن لە چونە ژوورەوەی ماددە زیان بەخشەکان.

5-خواردنی تەندروست، خواردنی رێژەیەکی زۆری میوە و سەوزەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش، وەک (بروکلی،سپێناخ،زەردەچەوە،چای سەوز،بادەم،ماست،سیر،قارچک) بەتایبەت ئەو میوانەی کە رێژەیەکی زۆری ڤیتامین (c) یان تێدایە وەک (پرتەقاڵ وسندی و لیمۆ).

6-وەرزش، لێکۆڵینەوە زانستیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە وەرزشی بەردەوامی هەفتانە یاخود رۆژانە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لەش و هاوکاری دەکات لە دژی میکرۆبە زیان بەخشەکان.

7-پێکەنین، پسپۆڕەکانی بواری دەرووناسی سەلماندوویانە کە پێکەنین و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لەش و ئەگەری توشبون بە نەخۆشییە جیاوازەکان کەم دەکەنەوە.

8-پێویستە خۆت بە دور بگریت لە نزیک بونەوە و بەکارهێنانی کەلوپەلی ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلۆنزایان تێدا دەرکەوتووە،چونکە ئەو کەلوپەلانە هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی نەخۆشیەکە.

9-رێژەیەکی زۆری شلەمەنیەکان و ئاو بخۆرەوە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هۆز کامەران
سەرچاوە:
Health.com
ئهم بابهته 3379 جار خوێنراوهتهوه
